جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم، هیوادارم لەم ساڵی تازەیەدا هەموو خەون و خواستەکانتان بێنە دی. هەست دەکەم ئەم ساڵەی دێت ساڵێکی گرنگ دەبێت بۆ کوردستان. لە لایەکەوە بەرەو ٢ هەڵبژاردنی تردا دەڕۆین، لە لایکی ترەوە کێشەکانی نێوان بەغداد و هەرێم گەیشتوونەتە ئاستێک کە ناکرێت چیتر ئاوها بمێننەوە. ساڵێکی گرنگیشە بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کردستان. لەم ساڵە دەبێت بگەرێنەوە بۆ ناو خەڵک، ببینەوە بە پارێزەر و خەمخۆری خەڵکی کوردستان، دان بە هەڵە و کەموکورتیەکانمان بدەین و بوێرانە بڕیار بدەین لەسەر هەنگاوە پێویستەکان بۆ نوێبوونەوەو گەشەکرنەوەمان. دەبێت کۆنگرە ببەستین و سەرکردەو هەیکەلیەو پەیڕەو و پرۆگرامێکی نوێ و گونجاو پێشکەش بە هاوڵاتی کوردستان بکەین. هەروەها کابینەی نوێی حکومەت، کە هەر رۆژێک پێک دێت، بەرپرسیارەتیەکی مەزنی لە بەردەمدایە بۆ گەیاندی خزمەتی باشتر بە هاوڵاتی کوردستان. بیانووی نەبوونی شارەزایی و پسپۆڕیمان لە بوارە پێویستەکانی حکومڕانی نەماوە، دەبێت سیستەمی حکومڕانیمان چاک بکەین، سیستەمی دارایمان نوێبکەینەوە و رۆتینات بۆ هاوڵاتی کەم بکەینەوە. زۆر گرنگیشە هیمەتێکی جدی بدەین بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی مافە رەوا و دەستووریەکانی کوردستان لە ناو عێراق. زۆر ئاساییە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە سەر پرسە ناوخۆیەکان ناکۆک بن، بەڵام بەهێزتر کردن و گەشەکردنی کوردستان بەندە یەکڕیزیمان لەسەر پرسە نەتەوەیی و چارەنووس سازەکان. هیوادارم ئەم ساڵە خۆشی بگەیێنێت بە خوشک و براکانی رۆژاڤامان. دوای ئەم هەموو ناخۆشی و دەربەدەریە، شایەستەی ژیانێکی ئاسودە و سەقامگیرن. لە کۆتایدا ئەمەوێت ئەم دەرفەتە بڕەخسێنم و سوپاسی خۆم ئاڕاستەی ئەو هەموو دڵسۆز و خۆشەویستانەی مام جەلالی خۆتان بکەم کە لە یەکەم رۆژی دوای خراپ بوونی باری تەندروستیەکەیەوە تاکو ئەمڕۆ خەمخۆر و پەرۆشی بوونە. دڵنیا بن کە ئەو خۆشەویستیەی ئێوەی بەڕێز پاڵپشتێکی بەهێز بووە بۆی تاکو زووتر بەرەو تەندروستیەکی باشتر بڕوات. بە خۆشحاڵیەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە بێ چاوێنی بێت باری تەندروستی ئێستای لە چاو نەورۆزی پارەوە بەراوورد ناکرێت. دووبارە جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت خۆشەویستان. خزمەتکارتان قوباد











